sayinqella

This site attempts to contribute to the mutual respect and understanding between Kurds and Azerbaijani Turks

Saturday, June 20, 2009


پشتیوانی‌ له‌ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ ئێران، ئه‌ركێكی‌ هه‌نووكه‌یییه
‌ئۆگران‌و لایه‌نگرانی‌ دێمۆكراسی‌‌و مافی‌ مرۆڤ
هاونیشتمانه‌ ئازادیخوازه‌كان!خه‌ڵكی‌ خه‌باتگێڕی‌ كوردستان
تێكۆشه‌ران! ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان
له‌ هه‌لومه‌رجێك دا كه‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ڕاپه‌ڕیوی‌ ئێران له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ كودیتاچی‌، سه‌رانسه‌ری‌ ئێرانی‌ داگرتوه‌‌و زانستگه‌كان، شه‌قامه‌كان‌و مه‌یدانه‌كانی‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی‌ ئێران بوون به‌ مه‌یدانی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ ده‌ربڕین‌و خۆپیشاندانی‌ به‌رینی‌ توێژه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ وڵاته‌كه‌مان، له‌ كاتێك دا میلیۆنان له‌ خه‌ڵكی‌ داواكاری‌ گۆڕان‌و، بێزار له‌ دیكتاتۆری‌‌و سه‌ره‌ڕۆیی‌ هاتوونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و، ئاپۆرای‌ ئه‌وان ده‌كه‌وێته‌ به‌ر ده‌سڕێژی‌ هێزه‌كانی‌ ئینتیزامی‌، به‌سیج، ئه‌نسار، لیباس شه‌خسی‌ و پۆلیسی‌ تایبه‌ت، ڕۆژ نیه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ خوێندكاران‌و لاوانی‌ ئازادیخواز، شه‌هید نه‌كرێن‌و نه‌ڕفێندرێن،له‌ بارودۆخێك دا كه‌ ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی‌ كۆنه‌پارێز‌و پاوانخواز هه‌موو هێزێكی‌ خۆیان بۆ سه‌رخستنی‌ كودیتاكه‌یان له‌ دژی‌ ئاكامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 22ی‌ جۆزه‌ردان وه‌كارخستوه‌، میدیاكانیان داوه‌ته‌ به‌ر په‌لامار‌و، كه‌سایه‌تییه‌ سیاسی‌‌و فه‌رهه‌نگی‌یه‌كان، ڕێبه‌رانی‌ حه‌ره‌كه‌ته‌ مه‌ده‌نییه‌كان، تێكۆشه‌رانی‌ مافی‌ مرۆڤ ‌و ڕۆژنامه‌نووسان پۆل پۆل ڕه‌وانه‌ی‌ زیندان ده‌كه‌ن، له‌م ئانوساته‌دا كه‌ خه‌باتی‌ هێمنانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ ئێران بۆ پاشه‌كشه‌ به‌ دیكتاتۆری‌‌و سه‌ره‌ڕۆیی‌، پێویستی‌ به‌ پشتیوانیی‌ هه‌موو هێز‌و لایه‌ن‌و تاكێكی‌ دێموكرات‌و ئازادیخوازی‌ ئۆپۆزیسیۆن‌و، ڕاكێشانی‌ هاوپێوه‌ندیی‌ جیهانییان له‌گه‌ڵ ئه‌م خه‌باته‌ هه‌یه‌، كومیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ ڕووداوه‌كانی‌ ئێران له‌ دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 22ی‌ جۆزه‌ردان‌و، بۆ تاوتوێكردنی‌ ئه‌ركه‌كانی‌ حیزب له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا، ڕۆژی‌ 28ی‌ جۆزه‌ردان كۆبۆوه‌. له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ جگه‌ له‌ ئه‌ندامانی‌ ئه‌سڵی‌‌و جێگری‌ كومیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ له‌ كوردستان، ژماره‌یه‌كیش له‌ تێكۆشه‌رانی‌ به‌ ئه‌زموونی‌ حیزب به‌شدار بوون، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی‌ به‌رینی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ ئێران له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی‌ كۆنه‌پارێز‌و پاوانخواز له‌ ڕه‌وتی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ر كۆماری‌ دا، به‌تایبه‌تی‌ له‌ دوای‌ كودیتای‌ قۆڵی‌ پاوانخوازی‌ ڕێژیم له‌ دژی‌ ئاكامه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردن، كه‌وته‌ به‌ر باس. به‌شدارانی‌ كۆبوونه‌وه‌، كه‌لكوه‌رگرتنی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان‌و ئێران له‌ ده‌رفه‌تی‌ هه‌ڵبژاردن بۆ هێنانه‌گۆڕی‌ داخوازه‌كانیان‌و، "نا" گوتنه‌وه‌ به‌ دیكتاتۆری‌‌و سه‌ره‌ڕۆیی‌‌و، شكستدانی‌ كاندیدای‌ قۆڵی‌ پاوانخوازیان به‌ نیشانه‌ی‌ وریایی‌‌و تێگه‌یشتوویی‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌‌و، شێلگیربوونی‌ ئه‌وان له‌سه‌ر داوای‌ گۆڕان دانا. له‌و پێوه‌ندییه‌دا به‌ ڕێز‌و پێزانینه‌وه‌ ئاوڕیان له‌ هه‌وڵ‌و تێكۆشانی‌ چالاكانی‌ سیاسی‌‌و مه‌ده‌نی‌‌و پێشوازیی‌ به‌رینی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك له‌و ده‌رفه‌ته‌ دایه‌وه‌. كومیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌، هه‌ڵوێستی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان له‌باره‌ی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ركۆماریی‌ به‌ هه‌ڵوێستێكی‌ دروست زانی‌‌و، وێڕای‌ ته‌ئییدی‌ نێوه‌رۆكی‌ به‌یاننامه‌ی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌ له‌باره‌ی‌ ڕاپه‌ڕینی‌ خه‌ڵك بۆ دیفاع له‌ ده‌نگه‌كانیان‌و وه‌ده‌ستهێنانی‌ ئامانجه‌كانیان، ئه‌ركه‌كانی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان له‌ پێوه‌ندی‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌ جه‌ماوه‌رییه‌دا ده‌ستنیشان كرد. كومیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌، ڕاپه‌ڕینی‌ خه‌ڵكی‌ ئێران بۆ داكۆكی‌ له‌ ده‌نگه‌كانیانی‌ به‌ سه‌ره‌تای‌ قۆناغێكی‌ نوێ‌ له‌ خه‌باتی‌ ئازادیخوازیی‌ گه‌لانی‌ ئێران زانی‌‌و، پشتیوانی‌ له‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یه‌ی‌ به‌ ئه‌ركێكی‌ هه‌نووكه‌یی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان‌و هه‌موو هێزێكی‌ خه‌باتگێڕ‌و به‌رپرس دانا.كومیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌ركی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان له‌م قۆناغه‌دا، وێڕای‌ ڕێزگرتن له‌ خه‌باتی‌ پڕ له‌ قوربانیدانی‌ گه‌له‌كه‌مان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان له‌ ماوه‌ی‌ سێ‌ ده‌یه‌ی‌ ڕابردوودا، هاتنه‌ مه‌یدانی‌ خه‌ڵك له ‌كوردستان و سه‌رانسه‌ری‌ ئێرانی‌ به‌ ده‌رفه‌تێكی‌ دیكه‌ بۆ به‌ره‌وپێشچوونی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئازادیخوازی‌ له‌ كوردستان زانی‌. له‌م پێوه‌ندییه‌دا كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ حیزب، داوای‌ له‌ خه‌ڵكی‌ تێكۆشه‌ری‌ كوردستان كرد به‌ وردی‌ و وشیارییه‌وه‌ ئاڵوگۆڕه‌كان بخه‌نه‌ ژێر چاوه‌دێری‌‌و، شانبه‌شانی‌ پاراستنی‌ هاوپێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ خه‌ڵكی‌ سه‌رانسه‌ری‌ ئێران، له‌ هه‌موو ڕێگایه‌كی‌ مومكینه‌وه‌، هه‌وڵی‌ به‌ره‌و پێشبردنی‌ خه‌باتی‌ ئازادیخوازی‌ بده‌ن. هه‌م دژ به‌ سیاسه‌ت‌و پیلانه‌كانی‌ كودیتاچییه‌كان بۆ تێكشكاندنی‌ به‌ره‌نگاریی‌خۆیان و خه‌ڵكی‌ ئێران بوه‌ستن، هه‌م له‌سه‌ر ویست‌و داخوازه‌كانیان كه‌ له‌ ڕه‌وتی‌ هه‌ڵبژاردن دا هێنابوویاننه‌ گۆڕێ‌، پێدا بگرن.كومیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ ڕیزه‌ ئه‌ركێكی‌ به‌په‌له‌شی‌ خسته‌ سه‌ر شانی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌، ڕێبه‌ریی‌ حیزب‌و سه‌رجه‌م حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان. كار له‌پێناوی‌ پێكهێنانی‌ هاوپه‌یمانی‌ له‌نێوان حیزب‌و ڕێكخراوه‌كانی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان‌و، به‌ڕێخستنی‌ پشتیوانییه‌كی‌ كاریگه‌ر له‌ خه‌باتی‌ خه‌ڵك له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان و ئێران، یه‌ك له‌و ئه‌ركانه‌یه‌. كومیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌روه‌ها یه‌كیه‌تی‌‌و هاوكاریی‌ نێوان ئۆپۆزیسیۆنی‌ سه‌راسه‌ری‌‌و هاوپێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆنی‌ نێوخۆ‌و بزووتنه‌وه‌ی‌ سه‌راسه‌ریی‌ به‌ ئه‌ركێكی‌ هه‌نووكه‌یی‌ دانا. به‌ باوه‌ڕی‌ ڕێبه‌ریی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان، پێویسته‌ حیزبی‌ ئێمه‌‌و هه‌موو حیزب‌و ڕێكخراوه‌ سیاسی‌یه‌كانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان‌و ئێران، پێكه‌وه‌‌و به‌جیا كار بۆ گه‌یاندنی‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵكی‌ ئێران به‌ جیهانییه‌كان‌و ڕاكێشانی‌ پشتیوانیی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ له‌ خه‌باتی‌ ئه‌وان بكه‌ن. كومیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ ئاكامه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كانی‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 22ی‌ جۆزه‌ردان‌و، به‌ڕێوه‌چوونی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ دیكه‌ له‌ ژێر چاوه‌دێریی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ دا كه‌ بووه‌ به‌یه‌كێك له‌ دروشم‌و ئامانجه‌ ئه‌سڵی‌یه‌كانی‌ خۆپێشاندان‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی‌ ئێستای‌ خه‌ڵكی‌ ئێران، به‌ ئامانجێكی‌ ڕه‌وا‌و داوایه‌كی‌ به‌رحه‌ق زانی‌ و، پشتیوانیی‌ له‌دروشم و داواكانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌وان بۆ وێنه‌ نه‌مانی‌ دیكتاتۆری‌ و ئازادیی‌ به‌ندییه‌ سیاسیه‌كان كرد. به‌دیهاتنی‌ ئه‌م داخوازانه‌، هه‌م به‌رده‌وامیی‌ خه‌ڵكی‌ كودێتالێكراو له‌سه‌ر ڕێپێوان، خۆپێشاندان‌و حه‌ره‌كاتی‌ ئیعترازیی‌ هێمنانه‌ی‌ پێویسته‌، هه‌م پشتیوانیی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌. له‌ ڕوانگه‌ی‌ ڕێزگرتن له‌ خه‌باتی‌ مه‌ده‌نی‌‌و ده‌نگی‌ خه‌ڵك و پره‌نسپ و رێوشوێنه‌ نێونه‌ته‌وییه‌ دنیا په‌سه‌نده‌كانه‌وه‌، له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تانی‌ جیهان‌و كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌یه‌كان پێویسته‌، ئاكامه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كانی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ قبووڵ نه‌كه‌ن‌و مه‌حموودی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نه‌ژاد به‌سه‌ركۆمار نه‌ناسن. كۆبوونه‌وه‌ی‌ كومیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ هه‌ر له‌و كاته‌دا داوای‌ له‌ هه‌موو ئۆرگانه‌كان‌و كومیته‌كان‌و ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانی‌ حیزب له‌ كوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات كرد، له‌ بارودۆخی‌ ئه‌سته‌می‌ ئێستا‌و له‌ قۆناغی‌ نوێ‌ له‌ ململانێی‌ خه‌ڵك له‌گه‌ڵ‌ دیكتاتۆری‌‌و سه‌ره‌ڕۆیی‌ دا، چالاكتر له‌ هه‌میشه‌ له‌ مه‌یدان دابن‌و ڕۆڵی‌ خۆیان له‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌ركه‌ هه‌نووكه‌یی‌یه‌كانی‌ حیزبه‌كه‌یان‌و، پشتیوانیی‌ كاریگه‌ر له‌ خه‌باتی‌ خه‌ڵك له‌نێوخۆی‌ ئێران دا، بنوێنن. ده‌بێ‌ هه‌موومان ئاماده‌یی‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ ڕووداو‌و پێشهاته‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كانمان هه‌بێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ بتوانین به‌ قازانجی‌ خه‌باتی‌ ڕزگاریخوازیی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان‌و بۆ به‌ره‌و پێشبردنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئازادیخوازی‌ له‌ ئێران دا كه‌ڵكیان لـێ‌ وه‌ربگرین. سڵاو له‌ شه‌هیدانی‌ تازه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئازادیخوازی‌سه‌ركه‌وتن بۆ خۆڕاگری‌‌و ئیراده‌ی‌ پته‌وی‌ خه‌ڵكی‌ ڕاپه‌ڕیوی‌ ئێران
بژی‌ یه‌كیه‌تی‌‌و به‌رده‌وامی‌‌و هاوپێوه‌ندیی‌ خه‌ڵكی‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ ئێران له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ كودیتاچییه‌كان‌و پارێزه‌رانی‌ دیكتاتۆریی‌‌و سه‌ره‌ڕۆیی‌.
حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌
29/ 3/ 1388

0 Comments:

Post a Comment

Subscribe to Post Comments [Atom]

<< Home